دەزگای دژەتیرۆری عیراق دو تیرۆریستی دەستگیرکرد و 8 حەشارگەی داعشی تێکدا
راهۆز
٢٣ی شوباتی ٢٠٢٦
دەزگای دژەتیرۆری عیراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە بەردەوامەکانیان بۆ راوەدونانی پاشماوەکانی داعش، توانیویانە دو تیرۆریست دەستگیر بکەن و چەندین حەشارگەی رێکخراوەکە لە ناوچە جیاوازەکان لەناو ببەن.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەزگای دژەتیرۆر، پاڵپشت بە زانیاری وردی هەواڵگری، هێزەکانیان دو ئۆپراسیۆنی جیایان لە پارێزگاکانی (بابل و کەرکوک) ئەنجام داوە، کە لە ئەنجامدا دو تیرۆریستی داواکراو دەستگیر کران.
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکاندا، هێزەکانی دژەتیرۆر ئۆپراسیۆنێکی فراوانی پشکنین و کێوماڵکردنیان لە قەزای دوزخورماتوی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین ئەنجام دا. ئۆپراسیۆنەکە زنجیرە چیاکانی "بڵکانە"ی گرتەوە و بۆ ماوەی چەند سەعاتێک بەردەوام بو، تێیدا 8 مۆڵگە و حەشارگەی کاتیی چەکدارانی داعش دۆزرانەوە و بە تەواوی تێکدران.
دەزگای دژەتیرۆر جەختی کردەوە کە ئۆپراسیۆنە پێشوەختەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی دیکە بەردەوام دەبن، بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عیراقدا.



