عیراق بۆ دابینکردنی غاز پەنا بۆ ئێران دەبات
بڵند
٢٠ی شوباتی ٢٠٢٦
وەزارەتی کارەبای عیراق رایگەیاند، بەمزووانە وەفدێکی رەسمی سەردانی ئێران دەکات بۆ تاوتوێکردنی مەلەفی دابینکردنی غاز، ئەمەش دوای ئەوەی راوەستانی هەناردەی غازی ئێرانی بووە هۆی لەدەستدانی 5500 مێگاوات لە توانای بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی.
ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردوە، کە پلانیان هەیە لە رێگەی تەواوکردنی پڕۆژەی سەکۆی غازی شل لە بەندەری خۆر ئەلزوبەیر تا سەرەتای حوزەیرانی داهاتوو، نزیکەی 4000 مێگاوات کارەبا بخەنە سەر تۆڕەکە.
هاوکات وەزارەت جەختی لەوە کردەوە، کە فراوانبوونی نیشتەجێبوون و زۆربوونی ناوچە زێدەڕۆکان باری سەر شانی تۆڕەکەیان قورستر کردووە، بەڵام لە هەماهەنگیدان لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ دابینکردنی سووتەمەنی جێگرەوە و غازی ناوخۆیی بۆ وێستگەکان تاوەکو لە وەرزی هاویندا جێگیریی کارەبا بپارێزرێت.



