سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق وادەی دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی داعش رادەگەیەنێت
بڵند
١٨ی شوباتی ٢٠٢٦
سەعید مەعین، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، رایگەیاند، لە چەند مانگی داهاتوودا پرۆسەی دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی چەکدارانی داعش دەستپێدەکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئێستا لێکۆڵینەوەی سەرەتایی بۆ 500 کەسیان لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم و لەژێر چاودێری دادوەراندا کۆتایی هاتووە.
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەکردوە، پرۆسەی رەوانەکردنی چەکدارە دەستگیرکراوەکان بۆ دادگا بەپێی پلەی مەترسیی تاوانەکانیان بە شێوەیەکی پلەبەندی دەبێت، وەک پابەندبوون بە یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان 157 مێرمنداڵ کە لەنێو دەستگیرراوەکاندان جیاکراونەتەوە کە تەنها دووانیان عیراقین و رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی مێرمنداڵان کراون بۆ ئەوەی لە خانەکانی چاکسازیدا بن.
ناوبراو جەختیشی کردەوە ، کە تەواوی پرۆسەی دادگاییکردن و جێبەجێکردنی سزاکان لەناو خاکی عیراقدا دەبێت، چونکە ماددەی شەش لە یاسای سزادانی عیراقی دەسەڵاتی تەواوی بە عیراق داوە بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەو تاوانانەی لەسەر خاکەکەی ئەنجام دراون.
سەعید مەعین دەشڵێت؛ دوای تەواو بونی دادگاییەکان، لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە و کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە چارەنوسی ئەو دەستگیرکراوەنەی، کە خاوەنی رەگەزنامی بیانین یەکلایی دەکرێتەوە لەگەڵ وڵاتەکانیاندا.



