وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عیراق رایگەیاند،  تا ئێستا 47 هەزار کرێکاری بیانی بە فرەسمی تۆمارکراون، دەشڵێت؛ ژمارە راستەقینەکە زۆر لەوە زیاترە.

 وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عیراق جەختی لەوە کردەوە، کە هێنانی کرێکاری بیانی تەنها بۆ پیشە دەگمەنەکان سنووردار کراوە و دەبێت خاوەنکارەکان پابەندبن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ ساڵی 2024، کە تێیدا هاتووە دەبێت 80٠٪ـی هێزی کار عیراقی بن (واتە چوار کرێکاری ناوخۆیی بەرانبەر یەک بیانی.

لە لایەکی دیکەوە، حەسەن خەوام، وتەبێژی وەزارەت، ئاماژەی بە کەمیی ژمارەی پشکێنەران کرد بەراورد بە قەبارەی دیاردەکە و رایگەیاند کە هەوڵ بۆ زیادکردنی کادرەکانیان دەدەن.

 وەزارەتەکە هۆشداری دا، کە هەر سەرپێچییەک لە یاسای کار و مەرجەکانی نشینگە، دەبێتە هۆی دەرکردنی کرێکارە نایاساییەکان و سزادانی خاوەنکارەکان، کە رەنگە بگاتە داخستنی پڕۆژەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکردوە،  ئەم توندکردنەوەیە بە ئامانجی رەخساندنی هەلی کارە بۆ ئەو ملیۆن عیراقییەی، کە وەک بێکار لە بنکەکانی زانیاری وەزارەتدا تۆمارکراون.