یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا 'یوفا' لە بەیاننامەیەکدا پێشوازی لە بڕیارەکەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ 'فیفا' کرد بە وازهێنان لە پلانەکەی بۆ فرۆشتنی پشکی مۆندیال و پاڵەوانێتییەکانی دیکە بە کەرتی تایبەت.
یوفا رایگەیاند، لە هەفتەکانی داهاتوودا لەگەڵ یەکێتییە ئەندامەکان و یەکێتییەکانی دیکەی کیشوەرەکان کاردەکەن بۆ داڕشتنی پلانێک کە رێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی هەنگاوی لەو شێوەیە بەبێ راوێژکردن.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، سەرکردایەتی ئێستای فیفا متمانەی یوفا و زۆرێک لە ئەندامانی دیکەی خێزانی تۆپی پێی لەدەستداوە.
ئەمەش دوای ئەوە هات، فیفا رووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەوە سەبارەت بە نەبوونی شەفافیەت لە بڕیارەکانیدا دوای ئەوەی لەناکاو پلانەکەی راگەیاندبوو.
پلانەکەی فیفا بریتی بوو لە کۆکردنەوەی بڕی 4.2 ملیار دۆلار لە رێگەی فرۆشتنی پشکی 20% بە وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت لە یەکەیەکی نوێدا بۆ بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکان.
ئەم پێشنیازە کە سێشەممەی رابردوو راگەیەندرا، کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە و یەکێتییە ناوچەییەکان رایانگەیاند کە بێ ئاگادارکردنەوە و راوێژ پێکردنی ئەوان ئەو هەنگاوە نراوە.
ئەم پاشەکشە خێرایەی فیفا، گومان و نیگەرانییەکانی لەسەر شێوازی سەرکردایەتیی جیانی ئینفانتینۆ زیاد کردووە، بەتایبەت کە ئامادەکاری دەکات بۆ خۆکاندیدکردنەوە بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتی فیفا.
لای خۆشییەوە، ئینفانتینۆ رایگەیاند، دوای ئەوەی بە وردی گوێیان لە هەموو رایەکان گرتووە، بڕیاریانداوە واز لەو پلانە بهێنن.