د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لەکۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لەوەفدێکی فراکسێۆنی"ئەبشر یا عیراق" بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار مستەفا سەند.

لەمیانی دیدارەکەدا بارودۆخی گشتی وڵات و پرسەکانی یاسادانان و چاودێریکردنیان تاوتوێ کران ، کە تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاساداناندا کردەوە، کە ڕێگاخۆشکارە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و خێراکردنی دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە و گەرەنتی بەرژەوەندی و بەدیهێنانی خواستەکانیان دەکات.

هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەگرنگی جێبەجێکردنی شایستە دەستورییەکان کرد بۆ بەهێزکردنی پرەنسێپی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات و چەسپاندنی پرۆسەی دیموکراسی  و دوپاتیشی کردەوە لەگرنگی هەستکردنی هەموو لایەنەکان بەگیانی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و کارکردنی پێکەوە لە پێناوی وڵاتدا .

 لەلای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەکە پێزانینی خۆیان بۆ ئەو رۆڵە دەربڕی کە سەرۆک کۆمار لەپاڵپشتیکردنی دیالۆگی بنیاتنەر و کۆکردنەوەی بۆچوونی هێزە سیاسییەکان دەیگێڕێت و جەختیشیان لەپەرۆشییان بۆ پشتیوانیکردنی یاسا و ئەو دەستپێشخەرییانە کردەوە کە بەشدارن لە بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی کەپێشکەش بەهاووڵاتیان دەکرێت لەپارێزگا جیاوازەکانی وڵاتدا.