چوارچێوەی هەماهەنگی، دوای کۆبونەوەکەیان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردوە و دوپاتی دەکەنەوە نوری مالکی کاندیدیانە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، ئاماژەیان بەوەشکردوە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران پرسێکی دەستوری تەواو عیراقییە و دوور لە دەستتێوەردانە دەرەکییەکان بەڕێوەدەچێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ هەڵبژاردنی  سەرۆک وەزیران پرسێکی دەستوری تەواو عیراقییە، بەپێی میکانیزمەکانی پڕۆسەی سیاسی بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندی نیشتمانی و دوور لە دەستێوەردانە دەرەکییەکان بەڕێوەدەچێت و پشتگیری خۆیان بۆ کاندید بوونی نوری مالکی دووپاتدەکەنەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.

چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی دەکاتەوە بە بنیاتنانی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەگەڵ زلهێزە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان، لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنداروەکەدا هاتووە، عیراق دەوڵەتێکی دامەزراوەیە و توانای بەڕێوەبردنی ئەرکە سیاسییەکانی بەپێی دەستوور و ئیرادەی نوێنەرانی خەڵک هەیە.

لە کۆتایشدا، چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات زۆرترین هەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەری پەسەندکراو کە رەزامەندی هەمووانی لەسەر بێت.