ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پەسەندکردنی یاسای بودجە لە وادەی دیاریکراودا شکستی هێنا، ئەمەش بووە هۆی راگەیاندنی داخستنی حکومەتی فیدڕاڵ.

سەرەڕای ئەوەی ئەنجومەنی پیران لە دوا ساتدا رەزامەندی لەسەر چارەسەرێکی ناوەند دەربڕی، بەڵام پێشبینی ناکرێت ئەنجومەنی نوێنەران پێش رۆژی دووشەممە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکانی بودجە بدات، کە دەبێت دواتر لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە ئیمزا بکرێن.

ئەم شکستە دوای رووداوەکەی تەقەکردن لە شاری مینیاپۆلیس دێت کە بووە هۆی کوژرانی دوو هاووڵاتیی ئەمریکی لە کاتی جێبەجێکردنی رێوشوێنی توندی دەرکردنی کۆچبەران لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە.

دیموکراتەکان داوای راگرتنی پڕۆژەیاساکانی بودجەیان کرد چونکە پارەی تێدابوو بۆ ئاژانسی جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەری (ICE) کە هەڵمەتەکانی دەرکردنی کۆچبەران ئەنجام دەدات.

ئەو چارەسەرە کاتییەی سینات پەسەندی کردووە، رێگە بە بودجەیەکی ئینتیقالی بۆ ماوەی دوو هەفتە دەدات تاوەکو دەرفەت بە دیموکرات و کۆمارییەکان بدرێت بۆ گفتوگۆ.