د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی 1ـی 2026 لەکۆشکی بەغداد، پێشوازی لە حەسەن فەدعەم ئەلجەنابی، بەرپرسی کاروباری دەوڵەت لە رەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد.

لە دیدارەکەدا باسیان لەپەرەسەندنەکانی رەوشی سیاسی و ئاڵنگارییەکان کرد، سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی رێزگرتن لەماوە دەستوورییەکان کردەوە، هاوکات داوای لەهێزە سیاسییەکان کرد بەرژەوەندی گشتی بکەنە پێشینەی کارەکانیان.

هەروەها هانی ئەنجومەنی نوێنەرانیدا بەشێوەیەکی چالاکانە رۆڵی یاسادانان و چاودێریکردنی خۆی بەجێبهێنێت کەدەبێتە هؤکاری پاراستنی  سەروەری وڵات و خزمەتکردن بە بەرژەوەندی هاووڵاتیان و ئاماژەشی بەوەکرد کە سەرۆکایەتی کۆمار چەندین رەشنووسی یاسای پێشکەش بە پەرلەمان کردووە بۆ پەسەندکردن وهاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانیشدا کردووە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی هەزاران دەستگیرکراو کە سزاکانیان بەسەرچووە.

هەروەها لەدیدارەکەدا باس لەچەند پرسێکی ناوخۆیی کرا، لەگەڵ پێشهاتە ناوخۆییەکان و کاریگەرییەکانیان، سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی نیشتمانی و یەکخستنی هەڵوێستەکان لەبارەی پرسە گرنگەکان بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی عیراقیەکان و ئاسایش و سەقامگیری سیاسی بپارێزێت.

لەلای خۆیانەوە وەفدەکە پێزانینی خۆیان بۆ هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار لە  بوارە جیاجیاکان  دەربڕی لەگەڵ دانایی لە سەرکردایەتیکردنی و پابەندبوونی بە پەرەپێدانی کۆدەنگی سیاسی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عیراق لەگەڵ گەلانی برا و دۆستدا .