روانگەی سوری: کۆبونەوەکەی دوێنێی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا ئەرێنیی بوە
بڵند
٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاندوە، بە گوێرەی زانیارییەکانیان لە کۆبونەوەکەی دوێنیی دیمەشقدا، کەشێکی ئەرێنی دروستبووە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18 ی ئەم مانگە، جەختیش دەکاتەوە ئەو زانیاریانە راست نین کە دەڵێن هێزی ئاسایشی سەر بە دیمەشق دێنە ناو شارەکانەوە.
هەواڵ: Kurdsat News
ئەمرۆ چوارشەممە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، زانیاری تایبەتیان بەدەستگەیشتوە، سەبارەت بە بەڕێوەچونی کۆبونەوەکەی دوێنێ دیمەشق لە نێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی سوریا، کە تێیدا شاندێکی ئیدارەی خۆسەر بە سەرۆکایەتی مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە ئامادەی بوون.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، کۆبونەوەکە بە کەشێکی تەواو ئەرێنی کۆتایی هاتووە و هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی روون لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لە 18ی ئەم مانگەدا ئیمزا کرابوون، بە جۆرێک کە لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوی کرداری لەسەر زەوی بنرێت.
سەبارەت بە رەوشی ئەمنی و بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەت بۆ ناو شارەکان دەکەن، روانگەی سوریا رەتیکردوەتەوە و جەختیکردوەتەوە ئەو دەنگۆیانە دورن لە راستیەوە و بە گوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆی سوریادا یەکبخرێن، بە مەرجێک رەچاوی پێکهاتەی ئێستا و ئەندامێتی ئەندامانی ناوخۆیی خۆیان بکرێت و هەر ئەوانیش قەوارەی بەرپرسیار بن لە پاراستنی ناو شارەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەردەوام گروپە چەکدارەکانی سوریا ناو بەنا و هێرش دەکەنە سەر ناوچە کوردییەکان و کۆبونەوەکەی دوێنێ دیمەشقیش، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ رێکخستنی بابەتە ئەمنی و کارگێڕییەکان و ئامادەکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئیمزاکراوەکان، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا.


