نێردەی ئەمریكا بۆ عیراق دەڵێت، پشتیوانی پێكهێنانی حكومەتی عیراق دەكەین بەبێ بەشداری گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران.

مارك ساڤایا، نێردەی ئەمریكا بۆ عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، تیمەكەیان مەیدانی كاردەكات بۆ پێكهێنانی حكومەتێك لە عیراق بەبێ بەشداری گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران، هەروەها دەبێت حكومەتی داهاتوو ئامادەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەو قۆناغەش تێپەڕێنێت كە تەنها پارە بەقاچاخبراوەكان بگەڕێنێتەوە، بەڵكو دەبێت ئەو ئاڕاستانەش بدۆزێتەوە كە پارە بە قاچاخبراوەكانی بۆ دەڕوات.

ئەوەشی خستووەتەڕو، ئێستا تێگەیشتنێكی سەرتاسەرییان بۆ ئەو لایەنانە هەیە كە تێوەگلاون لە بەقاچاخبردنی پارە، كە لەنێویاندا لێپرسراوی گەورەی حكومی و كەسوكارەكانیان هەن و ئەو پارانەش بۆ كڕینی خانوبەرە لە چەندین دەوڵەت و پاسپۆڕت و رەگەزنامە بەكارهێنراون، هەندێك جاریش بە ناوی خوازراوەوە ئەو پارانە بەكارهێنراون.

مارك ساڤایا دەشڵێت، گەندەڵی تەنها زیان بە گەلی عیراق و ئاسایشی نیشتمانی ناگەیەنێت، بەڵكو دەبێتە دەرچەیەك بۆ پارەداركردنی گروپە تیرۆریستییەكان و ئەنجامدانی چالاكی تیرۆریستی لە چەندین دەوڵەت، جەختیلەوەشكردەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا و لایەنە پەیوەندیدارەكان سزای هەر گەندەڵێك لە عیراق دەدەن.