فەرمانگەی میدیایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رەتیدەکاتەوە دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دواخرابێت و جەختدەکاتەوە دانیشتنەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

لە راگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هەواڵانەی باس لە دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ 27ـی کانونی دووەم دەکەن، دوورن لە راستییەوە.

هاوکات بێستون سەلام پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند؛ "تاکە بەربژێری یەکێتی بۆ پرسی سەرۆک کۆمار "نزار ئامێدیی"ە و زۆرێک لە لایەنەکانی عیراقیش دەنگ دەدەن بە کاندیدەکەی یەکێتی".

دەربارەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران رایگەیاند؛ "نوری مالیکی کاندید چوارچێوەی هەماهەنگییە بەڵام هێشتا کۆدەنگییەکی یەکجاری لەسەر هەڵبژاردنەوەی نییە لە نێوان لایەنەکاندا".

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ تەواوکردنی رێکارە دەستوورییەکان و راسپاردنی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.