سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لەباڵیۆزی تورکیا کرد
٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لەکۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە ئەنیل بۆران ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عیراق.
لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دوپاتی لەگرنگی بەهێزکردنی ئاسۆی هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەش کردەوە، بەشێوەیەک کە لەخزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلدا بن و ئاماژەی بەگرنگی بەرجەستەکردنی ئاسایشی وسەقامگیری کرد بۆ ئەوەی ناوچەکە لە ململانێی زیاتر بپارێزێت لەگەڵ گرتنەبەری رێگاچارەی ئاشتیانە بۆ قەیرانەکاندا، بە شێوەیەک کەسەروەری دەوڵەتان و ئاسایشی گەلەکانیان بپارێزێت و داواشی لەتورکیا کرد پاڵپشتی مرۆیی پێشکەش بەخەڵکی سڤیل لەسوریا بکات کەبەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی تورکیا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەگرنگی گۆڕینی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان بۆ هاوکاری کردەیی کرد کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکەن.







