چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، بە زۆرینەی دەنگ و  بە رەسمی نوری مالیکیان کاندید کردوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق و داوای لە  ئەنجومەنی نوێنەران دەکات پەلەبکرێت بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.

ئەمڕۆ شەممە  چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگی هادی عامری، بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆبوونەوە و دوای کۆبونەوەکەش لە راگەیەندراوێکدا رایانگەیاند، بە زۆرینەی دەنگ، نوری مالیکیان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق دیاریی کردووە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، دیاریکردنی مالیکی وەک کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی ئەنجومەنی نوێنەران، بە لەبەرچاوگرتنی "ئەزموونی سیاسی، ئیداری و رۆڵی ناوبراو لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا" بووە.

چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندبوونی تەواوی خۆی بە رێکارە دەستوورییەکان دووپات کردووەتەوە و بۆ کارکردن لەگەڵ سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان بە ئامانجی "پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و کارا، کە توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پاراستنی ئاسایش و یەکڕیزیی عیراقی هەبێت."