وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی و ئامادەبوونی هەر یەکە لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، خالید شوانی و یوسف گۆران، لە بەردەوامی سەردان و کۆبوونەوەکانیدا لە بەغداد، لەگەڵ عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەممە 24ـی 1ـی 2026 بەڕێوەچوو، هەردوولا بۆچوون و دیدگای خۆیان بۆ حکومەتی داهاتووی عیراق خستەڕوو و هاوڕابوون لەسەر پەلەکردن لە دروستکردنی کۆدەنگییەک لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەموو پێکهاتەکان بۆ ئەوەی هەرچی زووتر حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت.

قوباد تاڵەبانی روونی کردەوە کە یەکێتی پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێم چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بێت و بە تایبەتیش کێشەی بودجە کە مافێکی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستانە و نابێت بخرێتە چوارچێوەی ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە.