قوباد تاڵەبانی: حکومەتی داهاتووی عیراق دەبێت کێشەکان چارەسەر بکات
سام
٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لە بەغدا لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسایب کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەمە(24/1/2026) بەڕێوەچوو، تاوتوێی دۆخی سیاسی عیراق و هەرێمی کوردستان و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرا. قوباد تاڵەبانی بۆچوونی یەکێتی لەبارەی چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ خستەڕوو و جەختی کردەوە لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کارا کە وەک یەک خزمەتی هەموو عێراقییەکان بکات.
قوباد تاڵەبانی روونیشی کردەوە کە یەکێتی پێیوایە هەموو کێشەکانی عیراق و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دەبێت بە گەڕانەوە بۆ دەستوور چارەسەر بکرێن و وتیشی دەبێت ئەولەوییەتی حکومەتی داهاتووی عیراق چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و بە تایبەتیش کێشەی بودجە و موچە بێت.





