رەیان کلدانی: بڕینی کەزیی کچە کوردێک بریندارکردنی ویژدانی هەموو عیراقە
راهۆز
٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی بابلیون، پەیامێکی توند لەبارەی "بڕینی کەزیی کچە کوردێک" بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، ئەم کارە تەنیا بڕینی قژێک نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەی مرۆڤبوونی هەمووانە.
لە پەیامێکدا کلدانی نووسیویەتی: "کاتێک کەزیی کچێک دەبڕدرێت، تەنها قژەکە نابڕدرێت، بەڵکو مانای مرۆڤبوون لە ناو هەمووماندا تاقی دەکرێتەوە. کەزی هێمای خۆبوونە، ئەوەی دەست دەبات بۆ ئەم هێمایە، ترسی خۆی لە جیاوازی ئاشکرا دەکات".
رەیان کلدانی بەناوی عیراقەوە دەڵێت: "کەرامەتی مرۆڤ پارچە ناکرێت، ئازاری کچێکی کورد بریندارکردنی ویژدانی هەموو عیراقە".
جەختیشی کردووەتەوە کە زمانی توندوتیژی و تۆڵە رەتدەکەنەوە و یەکترقبوڵکردن دەکەنە بنەمای پێکەوەژیان، چونکە "وڵات بە پاراستنی کەرامەت دروست دەبێت، نەک بە بڕین".



