محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشوازی لە تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ سوریا کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوی کردەوە، لە میانی دیدارەکەدا بارودۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکانی سوریا تاوتوێ کران.

سودانی جەختی لە گرنگیی ئاسایش لە سوریا بۆ عیراق و ناوچەکە کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی هاوکاری بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری و دەستەبەرکردنی یەکگرتوویی خاکی سوریا دا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە هاوبەشیی بونیاتنەر لەنێوان عیراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دامەزراندنی بناغەکانی هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام.

لای خۆیەوە، تۆماس باراک پێزانینی سەرۆکی ئەمریکای بە سودانی گەیاند بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عیراق لە پشتگیریکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە و بەڕێوەبردنی هەڵوێستی عیراق لەم قۆناغە هەستیارەدا.

باراک ستایشی هەنگاوەکانی سودانی و ئیدای هێزە ئەمنییەکانی عیراقی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کرانەوەی عیراق بەڕووی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی و بونیاتنانی متمانەی ئابووریی هاوبەش، کە بە فاکتەرێکی گرنگ بۆ سەقامگیریی ناوچەکە دادەنرێت.