د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە ئاتول کێهاری، بریکاری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پشتیوانی ئۆپەراسیۆنەکان و وەفدی هاورێی کرد.

لە دیدارەکەدا، تاوتوێی میکانیزمەکانی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان کرا بە ئامانجی دەستەبەرکردنی تەواوکردنی رێکارەکانی کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی نێردەی نێودەوڵەتی لە عیراق. 

سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی بەردەوامیی هاوکارییە بونیادنەرەکان لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە تایبەتەکانی کردەوە، هاوکات ستایشی ئەو رۆڵەی کرد کە نێردەی (یۆنامی) لە ماوەی کارکردنیدا گێڕاویەتی و ئەو پاڵپشتییانەی لە بوارە جیاجیاکاندا پێشکەشی کردوون. 

هەروەها ئاماژەی بە پەرۆشیی عیراق کرد بۆ بەهێزکردنی شەراکەت لەگەڵ رێکخراوەکە بەو ئاراستەیەی کە خزمەت بە ئامانجەکانی گەشەپێدان و سەقامگیری لە هەموو ئاستەکاندا بکات.

لە لایەن خۆیانەوە، ئەندامانی وەفدی نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوەکانی کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی نێردەکەیان خستەڕوو و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو هاوکاری و پاڵپشتییە دەربڕی کە عیراق بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە پێشکەشی دەکات، هەروەها پابەندیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان بە بەردەوامیی کارکردنی دووقۆڵی هاوبەش لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دوپاتکردەوە.