سەرۆكی ئەركانی سوپای عیراق بۆ چاودێریكردنی و ئامادەكاریەكانی سەر سنوری وڵاتەكەی لەگەڵ سوریا گەیشتە شەنگال.

وەزارەتی بەرگری عیراق ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا سەرۆكی ئەركانی سوپای عیراق بە یاوەری وەفدێكی باڵای سەربازی گەیشتوەتە شەنگال سنوری نێوان عیراق و سوریا.

هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئامانجی سەردانەكەی یارەڵا بۆ سنورەكان بۆ  چاودێریكردنی ئامادەكارییە ئەمنییەكان و پێداچوونەوە بە روداو و پێشهاتە سەرەكییەكان و پشكنینی سەربازەكانە لەو ناوچەیە.

هاوكات،سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند،  لیوای 25 و 74ی حەشدی شەعبی بەدرێژایی سنوری عیراق و سوریا جێگیركراون،وتیشی ئەم جێگیركردنە بەشێكە لە هەوڵە ئەمنییەكان بە ئامانجی توندكردنەوەی كۆنترۆڵی سنورەكان و رێگریكردن لە هەر دزەكردنێكی ئەگەری تیرۆستانی داعش.