د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 20- 1- 2026  بەڕێوەچوو باس لە دوایین پێشهاتی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی وڵات کرا، هەروەها گرنگی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا، بەمەش سەقامگیری و خواستی هاووڵاتیان بەدیدێت.

لەو کۆبونەوەدا جەختکرایەوە  لەسەر یەکڕیزی نیشتمانی و هەنگاوی هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی وڵات.

هەر لە دیدارەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی سوریا کرا، جەختکرایەوە لە گرنگی کەمکردنەوەی گرژییەکان و کارکردن بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵات و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا، بەم شێوەیەش پارێزگاری لە یەکڕیزی و سەروەری سوریا و دڵنیابوون لە سەلامەتی هاووڵاتیانی سوریا دەکرێت. 

هەر لەو کۆبونەوەیەدا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پاڵپشتیکردنی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ قەیرانەکە، چارەسەرێک کە ویستی گەلی سوریا بۆ ئاسایش و ئاشتی و گەشەپێدان بەدیبهێنێت و دەرفەتەکانی بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوە برەخسێنێت.