مارک ساڤایا، نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عیراق رایگەیاند، لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزیری جەنگ و بەڕێوەبەری دژە تیرۆر ئەنجامداوە و لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد لەگەڵ "بڕیاربەدەستانی راستەقینە" کۆدەبێتەوە.

ساڤایا لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ لە کۆشکی سپی لەگەڵ پیت هێگسێس، وەزیری جەنگ و د. سباستیان گۆرکا، بەڕێوەبەری دژە تیرۆر کۆبووەتەوە و رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەو پرسە گرنگانەی باسیان لێوە کردووە، لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەیدا بۆ عیراق چارەسەر بکرێن.

جەختیشی کردووەتەوە کە لەو سەردانەدا "لەگەڵ بڕیاربەدەستانی راستەقینە کۆدەبێتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخی مەیدانی لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی عیراق".

نێردەکەی ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا دروشمەکەی دووپات کردووەتەوە و دەڵێت: "با عیراق جارێکی تر مەزن بکەینەوە".