سەرۆک کۆمار رایگەیاند، قۆناغی ئێستا پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە وڵاتدا.

د. لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ شێخ هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق کۆبووەوە. 

لە کۆبوونەوەکەدا، چەندین بابەت تاوتوێ کرا، لە هەمووی گرنگتر پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای جێبەجێکردنی خواستەکانی گەلی عێراق و پاراستنی سەروەری و سەقامگیری وڵاتی هەبێت.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی جێبەجێکردنی مەرجە دەستوورییەکان لە ماوەی دیاریکراو و کارکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی بە پێی بڕگەکانی دەستوور و ڕوونیشی کردەوە کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە لەلایەن هەموو لایەنەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە وڵاتدا.

لای خۆیەوە شێخ هومام حەمودی پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ ویستی سەرۆک کۆمار سەبارەت بە سەقامگیری لە هەموو بوارەکاندا و هەوڵەکانی ئەنجومەنی باڵای دووپاتکردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەت و مەرجە دەستوورییەکانی داهاتوو.