دوای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هەرەشە ئەمنی و سەربازییەکان، حکومەتی عیراق رایگەیاند، رێگە نادات، خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانی شەڕ و بەکاربهێندرێت بۆهێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە و جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و پرەنسیپی خۆی دەکاتەوە لە رەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاک و ئاسمان یان ئاوی ناوچەیی، وەک دەستپێکی هەر کردەوەیەکی سەربازی، کە هەر وڵاتێک بکاتە ئامانج.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەباح نوعمان، وتەبێژی رەسمی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگە نادات خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانی ململانێ نێودەوڵەتییەکان و سوورە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی، کە رێگری دەکات لە بەکارهێنانی سنوری خاک، ئاسمان و ئاوییەکانی  بۆ ئەنجامدانی هەر هێرش و کردەوەیەکی سەربازی بۆ سەر هەر وڵاتێکی تر.

ئاماژەی بەوەشکردوە،  لەسەر بنەمای بڕگەکانی دەستووری عیراق و سیاسەتی حکومەت لە رێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیان، عێیراق بە تەواوی پابەند دەبێت بەوەی رێگە نادات خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانێک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەقامگیری هتەواوی وڵاتانی دراوسێی ناوچەیی، یان تێوەگلانی لەو ململانێیانەی کە خزمەت بە بەرژەوەندی گەلەکەی ناکات.

سەباح نوعمان، ئەوەشی خستوەتەڕوو، عیراق داوای خۆی بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دووپات دەکاتەوە، کە خۆ کۆنتڕۆڵکردن و وتوێژ لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن و دووربکەونەوە لە پەرەسەندن و بە پەرۆشەوە کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان بە شێوازی ئاشتیانە و دیپلۆماسی، بە پێی بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئەوەی ناوچەکە لە گرژی و ناسەقامگیری زیاتر  بەدووربگرن.