سۆمۆ: لە ماوەی سێ مانگدا 19 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم هەناردە کراوە
راهۆز
١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) رایدەگەیەنێت، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا 19 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە کراوە و رادەستکردنی نەوتەکەش بەپێی رێککەوتنەکە بەردەوامە.
عەلی نەزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو رێککەوتنەی هەیە بەردەوامە و هەموو لایەنەکان هەوڵی جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەوە لە 27ـی ئەیلولی 2025 تا کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی 2025 نزیکەی 19 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم وەرگیراوە و هەناردە کراوە، کە تێکڕای مانگانەی نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیل بووە.
بەڕێوەبەری سۆمۆ روونیشیکردەوە، گۆڕانکاری لە بڕی هەناردەکراوی مانگانە شتێکی ئاساییە و پەیوەندی بە دۆخی تەکنیکی و بەرهەمهێنانەوە هەیە، بەڵام گۆڕانکارییەکان لە چوارچێوەی رێگەپێدراو و ستانداردە جیهانییەکانن.



