سەرۆک کۆمار مەرسومی کۆماری پێشکەش بە پارێزگاری نوێی ئەنبار دەکات
سام
١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی 1ـی 2026 لە کۆشکی سەلامی بەغداد، پێشوازی لە عومەر مەشعان دەبوس پارێزگاری نوێی ئەنبار کرد.
لەسەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار مەرسومی کۆماری تایبەت بە دەستبەکاربوونی پێشکەش بە پارێزگاری نوێی ئەنبار کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەجێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکانی و جەختی لە گرنگی خستنەگەڕی هەموو هەوڵەکان کردەوە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان لە پارێزگاکە بەشێوەیەک کە لەگەڵ خواستەکانی هاووڵاتیاندا بگونجێت.
سەرۆک کۆمار داواشیکرد، ئاوەدانکردنەوە و ئاسایش و خزمەتگوزارییەکان بکرێتە پێشینەی کارەکان و پشتگیری سەرۆکایەتی کۆماری بۆ هەموو هەوڵەکان دووپاتکردەوە کەئامانجیان بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام و باشترکردنی ئاستی بژێوییە لەپارێزگاکە.
لەلای خۆیەوە پارێزگاری ئەنبار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ متمانەی سەرۆک کۆمار دەربڕی و پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بۆ خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ خزمەتکردنی دانیشتوانی پارێزگاکە و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی گەشەپێدان و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەشداریکردن لەسەقامگیری پارێزگاکە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی.







