بانکی ناوەندیی عیراق یەکەم روونکردنەوەی لەدوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی نرخ پەیوەندی بە جێبەجێکردنی باجی گومرکییەوە هەیە و نرخی رەسمی وەک خۆی ماوەتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا بانکی ناوەندیی عیراق ئاماژەی بەوەکردووە، هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی رەسمی دۆلاردا روینەداوە و وەک خۆی جێگیرە کە 1320 دینارە بۆ هەر دۆلارێک.

سەبارەت بەو بەرزبوونەوەیەی لە بازاڕەکاندا هەیە، بانکەکە دەڵێت: "ئەو نرخە بەرزەی ئێستا مامەڵەی پێوە دەکرێت، پەیوەندی بە خواستی بازاڕی ناڕەسمییەوە هەیە لە دەرەوەی سیستمی ئەو بانکە رێگەپێدراوانەی کاری حەواڵەی دەرەکی دەکەن".

بانکی ناوەندی هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی دۆلار لە بازاڕی رەش (بازاڕی هاوتەریب) بۆ جێبەجێکردنی "باجی گومرکی پێشوەختە" دەگەڕێنێتەوە، کە وایکردووە خواست لەسەر دۆلار لە دەرەوەی سیستمی بانکی زیاد بکات.

بەپێی راگەیەندراوەکە، وەرگرتنی باجی گومرکی پێشوەختە بۆ مەبەستی حەواڵە، فشارێکی گەورەی لەسەر بازرگانان و داواکارانی دۆلاری نەقد دروستکردووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی بووە بۆ لاوازبوونی دینار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا.

لە کۆتاییدا بانکی ناوەندی جەختیکردووەتەوە لەوەی بەردەوامن لە چاودێریکردنی بازاڕ و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ جێگیرکردنی نرخ و پاراستنی بەهای دراوی نیشتمانی.