گەشتوگوزاری عیراق: ئامانجمانە تا ساڵی 2035 پێشوازی لە 10 ملیۆن گەشتیار بکەین
محەمەد رزگار
٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
گەشتوگوزاری عیراق دەیەوێت لە رێگەی ستراتیژییەکی نیشتمانییەوە تا ساڵی 2035 پێشوازی لە 10 ملیۆن گەشتیار بکات.
عەلی یاسین وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عیراق رایگەیاند، کە ستراتیژییەکی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری ئامادە کردووە، تا ساڵی 2035 دەخایەنێت و لە رێگەیەوە هەوڵ دەدات پێشوازی لە 10 ملیۆن گەشتیار نێودەوڵەتی بکات.
وتیشی، بەریتانیا ئاستی مەترسییەکانی عیراقی کەمکردووەتەوە، هەروەها ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپی دیکە، لەوانە سویسرا و ئیسپانیا، ئەم دۆسیەیەیان لەبەرچاو گرتووە، ئەوەشی خستەڕوو، دەستەکە چەندین چالاکیی بۆ باڵیۆزانی وڵاتانی بیانی رێکخست، لەنێویاندا ئێوارەخوانێک لە باخچەکانی سەرای و پێشکەشکردنی نمایشی هونەری و کولتووری، بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی ئەوەی کە عیراق وڵاتی شارستانیەت و ئاشتییە.
عەلی یاسین روونیشی کردەوە، گەشتوگوزار پیشەسازییەکە کە پشت دەبەستێت بە ئاسایش و سەقامگیری و ژێرخانی ئابوری و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە، جەختیشی کردەوە، پێویستە گرنگی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری بدرێت، چونکە ستوونێکی ئابوری و کولتووری و کۆمەڵایەتی گرنگە.
باسی لەوەشکرد، دەستەکەیان لە ساڵی 2025دا چەندین کۆنفرانسی گەشتیاری جۆراوجۆری ئەنجامداوە، لەوانە کۆنفرانسی ئاماری گەشتیاری، کە بە بەشداری شارەزایانی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا و ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهێنا.
دەشڵێت؛ ئاماژەی بەوەشدا، روانگەیەکی پێشنیازکراو بۆ ستراتیژییەکی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری عیراقی گەشەسەندوو ئامادە کراوە، کە تا ساڵی 2035 بۆ ماوەی دە ساڵ دەخایەنێت، بەمەبەستی پێشوازیکردن لە 10 ملیۆن گەشتیار بۆ ناوچە گەشتیاری و شوێنەوارییەکان.



