سەرۆک کۆمار پێشوازی لەباڵیۆزی بەریتانیا دەکات
سام
٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی 1ـی 2026 لەبەغداد، بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، پێشوازی لە عیرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و هێلینا ڤیکا لازانۆ، بەڕێوبەری جێبەجێکاری نووسینگەی کۆمنوێڵس و گەشەپێدان لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کرد.
لە دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانیان لەبوارە جیاجیاکاندا تاوتوێکرا، هاوکات بیروڕایان له بارەی کۆمەڵێک پرسی بەرژەوەندی هاوبەش لە ناوچەکە و جیهان ئاڵوگۆڕ کرد، سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پتەوکردنی هاوبەشی نێوان عیراق و شانشینی یەکگرتوو بەشێوەیەک کردەوە کەخزمەت بەبەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی دۆست بکەن.
لەچوارچێوەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەت، سەرۆک کۆمار دووپاتی لە پێویستی بەردەوامبوون لەڕاوێژکردن کردەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کاریگەر لەماوە دیاریکراوەکانی دەستووردا، کەلە قۆناغی داهاتوودا خواستەکانی هاووڵاتیان و سەقامگیری دەستەبەر بکات.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق، پێزانینی شانشینی یەکگرتووی بۆ ئاستی هاوکاری دووقۆڵی ئێستا دەربڕی و ستایشی ئەو رۆڵەی کرد کەهێزە سیاسییەکان لەپشتیوانیکردنی سەقامگیری وپەرەپێدانی دیالۆگ ولێکتێگەیشتن دەیگێڕن.






