حزبوڵای عیراق داوا لە سەركردە سەربازییەكان دەكات لە ناكۆكییە سیاسییەكان دوور بكەونەوە
لاڤە
٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
كەتائیبی حزبوڵای عیراق داوا لە سەركردە سەربازییەكان دەكات دووربكەونەوە لە ناكۆكییە سیاسییەكان و دەستوەردان نەكەن.
ئەبو حسێن حەمیداوی ئەمینداری گشتی كەتائیبی حزبوڵای عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، قۆناغی داهاتووی عیراق پێویستی بە حكومەتێكی دادپەروەرە كە خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و هەژموونی بەسەر زەوی و ئاسماندا هەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بنیاتنانی هێزێكی ئەمنی و ئامادەكردنی بە پێداویستییە سەربازیی و بەرگرییەكان، پێویستییەكی سەرەكی قۆناغی داهاتووە و بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیش ئامادەیە بۆ پێشكەشكردنی توانا و ئەزموونەكانی لە هەموو كاتێكدا.
حەمیداوی داوای لە بەشێك لە سەركردە سەربازییەكانیش كرد، دوور بكەونەوە لە ناكۆكییە سیاسییەكان و دەستوەردان نەكەن، چونكە كاریگەری خراپ لەسەر دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەكانی عیراق دروست دەكات.



