دانوستانەكان لەبارەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەردەوامە
لاڤە
٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
دانوستانەكان لەبارەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەردەوامە و جەختیشدەكرێتەوە بابەتەكە نەگەیشتووەتە بنبەست.
مەحمود حەیانی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان رایگەیاند، گفتوگۆ و دانوستانەكان لەبارەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەبێ ئاستەنگ بەردەوامە و نەگەیشتووەتە بنبەستی سیاسی.
وتیشی، دانوستانەكانی ئێستا بۆئەوەیە كەسێك دیاری بكرێت توانای بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتووی هەبێت و روبەڕوی ئاڵنگارییە سیاسی و ئابوری و خزمەتگوزارییەكان ببێتەوە و هاوبەشی و هاوسەنگی نیشتمانی لەبەرچاو بگرێت.
جاسم عەلەوی ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساش دەڵێت، لەپێناو بەرژەوەندی عیراق و پاراستنی سەقامگیری سیاسی، پشتیوانی ویلایەتی دووەمی محەمەد شیاع سودانی دەكەن.
وتیشی، ئەم قۆناغەی ئێستای عیراق پێویستی بە بەردەوامیدان بە حكومڕانییەكەی ئێستایە، چونكە سودانی كەسێكی سەركەوتوو و خاوەن ئەزموونە و لە بواری سەقامگیری ئەمنی و چەند پرسێكی خزمەتگوزاری و ئابوری بەرەوپێشچوونی بەدیهێناوە.
ئێوارەی دوێنێش، چوارچێوەی هەماهەنگی لە نوسینگەی حەیدەر عەبادی كۆبووەوە، بەڵام نەیتوانی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق دیاری بكات.



