ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، زیاتر لە 141 یاسا چاوەڕێی پەسەندكردنن و 10 رۆژ دیاریكراوە بۆ دابەشكردنی ئەندامی لیژنەكانی ئەنجومەنەكە.

فالح خەزعەلی سەرۆكی فراكسیۆنی مونتەسیرون لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبووەوە و رێككەوتن كرا لەبارەی پێكهێنانی لیژنەكان و دابەشكردنی پەرلەمانتارەكان بەپێی رێژەی كورسییەكان.

دەشڵێت، زیاتر لە 141 یاسا چاوەڕێی پەسەندكردن دەكەن، بەپشتبەستن بە بڕگەی دووەمی ماددەی 60 ی دەستوور، یاساكان لە رێگەی 10 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران یان لە رێگەی لیژنەكانەوە پێشكەش دەكرێن.

راشیگەیاند، دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران 10 رۆژی دیاریكردووە بۆ بەرزكردنەوەی ناوی ئەندامان بۆ لیژنەكان و دوای پێكهێنانی حكومەتیش دەنگدان لەسەر سەرۆكی لیژنە، جێگر و بڕیاردەری لیژنەكان دەكرێت.