سەرۆک کۆمار لەگەڵ  سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوەوە و دوای پیرۆزبایی لە ئەرکە نوێیەکەی، سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوەیەک کە تەواوکاریی رۆڵەکان لە نێوان دەسەڵاتە دەستوورییەکاندا دەستەبەر بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، د، لەتیف رەشیدی سەرۆک کۆماری عیراق، لە بەغداد پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، هەیبەت حەلبووسی و جێگەرانی کرد، لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە هەیبەت حەلبووسی و هەردوو جێگرەکەی کرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەنجامدانی ئەرکە دەستوورییەکانیاندا.

د. لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەکرد  پێویستە لە ئەرکە دەستورییەکانیاندا هەوڵبدەن رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران بەهێز بێت لە پشتگیریکردنی رەوتی دیموکراسی و چەسپاندنی کاری یاسادانان و چاودێری.

لە کۆبونەوەکەدا، جەخت کرایەوە لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران، بە شێوەیەک، کە تەواوکاریی رۆڵەکان لە نێوان دەسەڵاتە دەستوورییەکاندا دەستەبەر بکات، تاوەکو بەشداری بکات لە پشتگیریکردنی سەقامگیریی سیاسی و دەرکردنی ئەو یاسایانەی، کە خزمەت بە خواستەکانی هاووڵاتییان دەکەن لە بوارە جیاوازەکاندا.

لە لای خۆیەوە، هەیبەت حەلبووسی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆک کۆمار کرد و جەختی لە پابەندبوونی ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە بە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆمار و دەسەڵاتە دەستوورییەکان لە پێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتیدا.