د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازی لە عەبدولحوسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی کرد و رایگەیاند، دەبێت حکومەتێکی کارا پێکبهێنرێت کە توانای چارەسەرکردنی کێشە ئابوری و ئەمنییەکانی هەبێت.

لە دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسیی عیراق و میکانیزمەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو کرا. سەرۆک کۆمار جەختی لە پەیڕەوکردنی بنەمای شەراکەت و کۆدەنگیی نیشتمانی کردەوە، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی گشتی لەپێش هەموو شتێکەوە بێت.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی ئێستا پێویستی بەوەیە هەمووان پابەندی وادە دەستورییەکان بن، بەتایبەت ئەو وادانەی پەیوەستن بە تەواوکردنی رێکارەکانی پێکهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان، بۆ ئەوەی کارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت مسۆگەر بکرێت.

لای خۆیەوە عەبدولحوسێن موسەوی، ستایشی رۆڵی سەرۆک کۆماری کرد لە لێکنزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و رایگەیاند، هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی پشتیوانی هەر دیالۆگێکی بونیاتنەر دەکات کە ببێتە هۆی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و لەگەڵ ویستی گەلی عیراقدا بگونجێت.