دەستەی گشتیی گومرگی عیراق رایگەیاند، لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی "بەیانی گومرگیی پێشوەختە" بۆ سەرجەم کاڵاکان و وەرگرتنی باج لەسەر ئۆتۆمبێلی هایبرید و زێڕ، هاوکات کارکردن بە سیستمی "مەقتوعە" لە بەندەرەکان هەڵوەشایەوە.

سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەکە بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاند، ئەمڕۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 957ـی ساڵی 2025 دەستیپێکرد، کە تێیدا باجی گومرگی نوێ دیاریکراوە.

گرنگترین گۆڕانکارییەکان لە ئەمڕۆوە:

  • ئۆتۆمبێل و زێڕ: باجی گومرگی خراوەتە سەر ئۆتۆمبێلی "هایبرید" (پێشتر جیاواز بوو)، بەڵام باجی سەر ئۆتۆمبێلەکانی دیکە و ئامێرەکان وەک خۆیان دەمێننەوە. هەروەها رێژەی 5% باج خراوەتە سەر بەهای زێڕ.

  • کۆنتێنەرەکان: سیستمی "مەقتوعە" (بڕی دیاریکراو) بۆ کۆنتێنەرەکان لە بەندەرەکان کە پێشتر 3 بۆ 4 ملیۆن دینار بوو، هەڵوەشایەوە. لەمەودوا بەپێی جۆر و بەهای کاڵاکان و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان باج وەردەگیرێت.

  • خۆراک: بەڕێوەبەری گومرگ دڵنیاییدا کە کاڵا پێویستەکان و مادە خۆراکییەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر دروست نەبووە بەهۆی زیادبوونی تەعریفەی گومرگییەوە.

بەیانی گومرگیی پێشوەختە
هەر لە ئەمڕۆوە، سیستمی "بەیانی گومرگیی پێشوەختە" بۆ هەموو کاڵاکان جێبەجێ دەکرێت (پێشتر تەنها بۆ ئۆتۆمبێل، زێڕ، خشڵ و ئامێری ساردکەرەوە بوو).
بەپێی ئەم سیستمە، بازرگان دەبێت پێش ئەوەی پارە حەواڵە بکات، زانیاری کاڵاکەی پێشکەش بکات، ئەمەش رێگری دەکات لە دەستکاریکردن لە مامەڵەکان و داهاتی دەوڵەت زیاد دەکات.

سەبارەت بە شێوازی وەرگرتنی باجەکەش، لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنی (ئەسیکۆدا)وە دەبێت و راستەوخۆ دەچێتە سەر هەژماری دەستەی گشتیی باجەکان.