بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان و پێکهاتەجیاجیاکانی کردوە، جەختی کردوەتەوە لە پتەوکردنی پەیوەندیی و یەکڕیزی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان کۆمەڵانی خەڵک .

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکردوە؛ هەرێمی کوردستان هەمیشە پێشەنگی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و نیشتمانی و رێزگرتن بووە لە هاووڵاتیان و پاراستنی ماف و ئازادییەکان.

 ئومێدیشی خواستوە بە هاوبەشی و یەکڕیزی، بتوانین قۆناغێکی نوێ بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکان بنیاد بنێین و لە زوترین کاتدا حکومەتی نوێ لە هەرێم و عیراق پێک بێت، کە خزمەت بە گەلی کوردستان و عیراق بکات.

د. لەتیف رەشید دەشڵێت؛ یەکڕیزی نیشتمانی هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پێشخستنی وڵات و دەستەبەرکردنی ماف و دادپەروەری بۆ پێکهاتە نیشتمانییەکان

دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆمار

پەیامی پیرۆزبایی

…………….

بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەموو پێکهاتە جیاجیا نیشتمانییەکان دەکەین. هاتنی ساڵی نوێ وەک ئومێدێکی نوێیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی و  یەکڕیزی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان کۆمەڵانی خەڵک .

هەرێمی کوردستان هەمیشە پێشەنگی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و نیشتمانی و ڕێزگرتنبوە لە هاوڵاتیان و پاراستنی ماف و ئازادییەکان. ئومێد دەکەم بە هاوبەشی و یەکڕیزی، بتوانین قۆناغێکی نوێ بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکان بنیاد بنێین و لە زوترین کاتدا حکومەتی نوێ لە هەرێمی کوردستان و عێراق پێک بێت کە خزمەت بە گەلی کوردستان و عێراق بکات و لایەنەکان کۆک بن بۆ بەدیهێنان و پاراستنی مافی هەمووان کە لەدەستوردا جێگیرکراوە.

یەکڕیزی نیشتمانی هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پێشخستنی وڵات و دەستەبەرکردنی ماف و دادپەروەری بۆ پێکهاتە نیشتمانییەکان

هیوامانە ئەم ساڵ کاری زیاتر بکرێت بۆ چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیری و هەماهەنگی زیاتر، ساڵێک کە تیایدا ئاشتی بەرقەرار بێت و ڕێزگرتن و متمانە لە نێوان هەموواندا بەهێزتر بێت و هەرێمی کوردستان بە یەکدەنگی و هەماهەنگی بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێت.

 

ساڵی نوێتان پێروز بێت،

ساڵێک پڕ لە ئاشتی و پێکەویی و خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیان

 

د. لەتیف جەمال ڕەشید