ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رەسمی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار راگەیاند و ئەو مەرجانەشی دیاریکرد کە دەبێت لە کەسی کاندیددا هەبن.

بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی نوێنەران کە پشتی بەستووە بە مادەکانی (2 و 3) لە یاسای ژمارە (8)ـی ساڵی 2012 (یاسای حوکمەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار)، ئەو کەسانەی ئارەزوی خۆپاڵاوتنیان هەیە و مەرجەکانیان تێدایە، دەتوانن سەردانی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بکەن.

وادەی پێشکەشکردنی داواکارییەکان لە سەعات 9ـی بەیانی بۆ 3ـی پاشنیوەڕۆ دیاریکراوە لەم رۆژانەدا:

  • ئەمڕۆ چوارشەممە (31-12-2025).

  • رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی هەفتەی داهاتوو (4 و 5ـی 1ـی 2026).

مەرجەکانی خۆ کاندیدکردن بۆ سەرۆک کۆمار:

بەپێی یاسا، کاندید دەبێت ئەم مەرجانەی تێدابێت:

  1. بە ڕەچەڵەک عیراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عیراقی بێت.

  2. تەمەنی 40 ساڵی تەواو کردبێت و خاوەنی توانای یاسایی تەواو بێت.

  3. خاوەنی ناوبانگێکی باش و ئەزمونی سیاسی بێت و بە دەستپاکی و دادپەروەری و دڵسۆزی بۆ نیشتمان ناسرابێت.

  4. لانی کەم بڕوانامەی زانکۆی هەبێت و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دانپێدانراو بێت.

  5. بە هیچ تاوانێکی ئابڕوبەر (مخلة بالشرف) حوکم نەدرابێت.

  6. رێوشوێنەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری نەیگرێتەوە.

خوازیاران دەبێت داواکاری نوسراو بە هاوپێچی بەڵگەنامە رەسمییەکان و ژیاننامەی خۆیان (C.V) پێشکەش بکەن و پسوڵەی وەرگرتنی داواکارییەکە وەربگرن.