دەستەی دەستپاکی لە کەربەلا رێگری لە دەستکاریکردنی موڵکێکی 11 ملیار دیناریی دەوڵەت دەکات
راهۆز
٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رێگری لە پرۆسەی دەستکاریکردن و تاپۆکردنی موڵکێکی دەوڵەت لە پارێزگای کەربەلا دەکات کە بەهاکەی زیاتر لە 11 ملیار دینارە.
دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، تیمێکی مەیدانی لە نوسینگەی لێکۆڵینەوەی کەربەلا زانیارییان لەسەر دەستکاریکردن و ساختەکاری لە تۆمارکردنی موڵکێک بەدەستهێناوە کە روبەرەکەی 596 مەتر دووجایە و دەکەوێتە شوێنێکی گرنگی شارەکەوە، دوای بەدواداچون دەرکەوتووە خاوەندارێتییەکەی بۆ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی کەربەلا دەگەڕێتەوە.
موڵکەکە باڵەخانەیەکی هەیەکەلییە و لە ئێستادا 10 نهۆمی لێ دروستکراوە و بەپێی پلان بڕیاربووە بکرێتە 22 نهۆم، بەڵام بەشێوەی نایاسایی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە و بەناوی چەند هاووڵاتییەکەوە کراوە، لەکاتێکدا بەها مەزندەکراوەکەی 11 ملیار و 26 ملیۆن دینارە.
دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەربەلا بڕیاریدا بە سەلماندنی خاوەندارێتی موڵکەکە بۆ شارەوانی و دانانی نیشانەی گلدانەوە (حجز) لەسەری، هەروەها رادەستی نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی کرا وەک لایەنی سێهەم تا کاتی یەکلاییبوونەوەی دۆسیەکە و راستکردنەوەی تۆمارەکە بەناوی خاوەنە راستەقینەکەیەوە.



