دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرایەوە
راهۆز
٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
دوای یەکلاییبوونەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی جێگری یەکەم کرایەوە و زانیارییەکان ئاماژە بە رێککەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن لەسەر کاندیدێک.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبوسی بە سەرۆکی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، عامر فایز، سەرۆکی دانیشتنەکە دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعەکان) لەسەر کاندیدکردنی عەدنان فەیحان، پارێزگاری ئێستای بابل بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان رێککەوتوون.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، رکابەرییەکە لە نێوان عەدنان فەیحان و یاسر مالیکی (کاندیدی دەوڵەتی یاسا) و ئەحمەد ئەسەدی بووە، بەڵام تەرازووی هێز بەلای فەیحاندا شکاوەتەوە.
هاوکات بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی کوردە، شاخەوان عەبدوڵڵا کاندیدە.



