ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی خۆی گرێدا و تێیدا هەیبەت حەلبوسی وەک سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتیی عامر فایز، وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەچوو، تێیدا پەرلەمانتارانی نوێ سوێندی یاساییان خوارد.

لە پرۆسەی دەنگدان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی، هەیبەت حەلبوسی، کاندیدی "ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی" (کە زۆرینەی هێزە سوننەکان لەخۆدەگرێت) توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوەش دوای ئەوەی موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لە بەرژەوەندیی ناوبراو لە کاندیدبوون کشایەوە.

بەپێی زانیارییەکان، هەریەک لە عامر عەبدولجەبار و سالم عیساویش کاندید بوون، بەڵام بەهۆی رێککەوتنی پێشوەختەی نێوان "چوارچێوەی هەماهەنگی" و هێزە سوننەکان، حەلبوسی توانی پۆستەکە مسۆگەر بکات.