قوباد تاڵەبانی: عیراق پێویستی بە حکومەتێکی کارا و بەهێزە کە سەروەری و سەربەخۆیی عیراق بپارێزێت
٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغدا ، بە مەبەستی راگۆڕینەوە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق لەگەڵ موسەنا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرلەئێوارەی رۆژی دووشەمە(8/12/2025) بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە دروستکردنی کۆدەنگی لەنێوان هەموو لایەنەکان لەپێناو پێکهێنانی حکومەتێک کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکان بێت.
قوباد تاڵەبانی دید و بەرنامەی یەکێتی بۆ چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو روون کردەوە و رایگەیاند عیراق پێویستی بە حکومەتێکی کارا و بەهێزە کە لەلایەکەوە سەروەری و سەربەخۆیی عیراق بپارێزێت و لەلایەکی دیکەشەوە هەنگاوی جدی بنێت بە ئاراستەی گەشەپێدانی ئابووری هەموو ناوچەکانی عیراق بەبێ جیاوازی.
سەرۆکی وەفدی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا لەسەر بنەمای بەرنامە و رێبازی سەرۆک مام جەلال ئامادەن بۆ کارکردن و هاوکاری لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بگەنە رێککەوتنێکی تۆکمە و گشتگیر بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق.








