قوباد تاڵەبانی و نوری مالکی لە بەغداد کۆبوونەوە و جەختیان لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کردەوە، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، لەم قۆناغەدا دەبێت بە هەمان نەفەسی سەرۆک مام جەلال کار بۆ رێکخستنەوەی ناوماڵی عیراق بکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغداد، وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.

تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی هەوڵەکان بوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق. بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە "کۆدەنگی" لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان دروست بکرێت، تاوەکو حکومەتێکی بەهێز و کارا و جێی رەزامەندیی هەمووان پێکبهێنرێت.

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، نوری مالکی رۆڵ و پێگەی سەرۆک مام جەلالی بیرهێنایەوە کە چۆن لە رابردوودا و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا ناوماڵی کورد و هەموو عیراقییەکانی رێکدەخستەوە.

مالکی بە گرنگی زانی "لەم قۆناغەشدا هەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلال جێبەجێ بکرێت بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو".

لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی، ئامادەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بە ئامانجی ئەوەی "هەرچی زووتر رێککەوتنێکی تۆکمە و گشتگیر بکرێت لەسەر چۆنیەتیی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو".