وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بە كوردسات نیوزی راگەیاند لیژنەیەكی باڵا بۆ بابەتی نوێكردنەوەی گرێبەستی هەناردەی نەوت لەرێی بەندەری جەیهانەوە دروستكراوە و لەئێستادا رەشنوسێك بۆ گفتوگۆكردنی لەگەڵ توركیا ئامادەكراوە.
سەلیم فەرهود وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بەسەرپەرشتی وەزیری نەوت و كادیرەكانی وەزارەت لیژنەیەك دروستكراوە و پێشتریش سەردانی توركیا كراوە و سەردانەكان بەردەوام دەبن تا ئەوەی دەگەینە رێكەوتنی كۆتایی لەسەر ئەو بابەتە.
سەلیم فەرهود دەربارەی كاری كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم وتی، كۆمپانیاكان بەهۆی روداوە ئەمنییەكان و جەنگی ئێران و ئەمریكاوە كارەكانیان جێهێشتووە، وەزارەت كار دەكات بۆ ئەوەی دوبارە دەست بە بەرهەمهێنان بكاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش كۆبوونەوەیەك بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران و ئامادەبوونی وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و نوێنەری كۆمپانیا بیانییەكان، هەروەها وەزیری دەرەوەی و سوپاسالاری عیراق ئامادەبوون.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە رێگرییەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی كارە كۆمپانیاكان كرا و سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای كرد سەرجەم كێشەكان چارەسەر بكرێت و دەستبەكاركردن بكەنەوە.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەرێم و عیراق لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە بە كوردسات نیوزی راگەیاند، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە ئاستێكی زۆرباشدایە و بەڵگەش بۆ ئەوە ئەنجامدانی ئەو رێكەوتنە سێ قۆڵیە بوو كە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت ئەنجامدرا.
كوردسات نیوز، پرسیاری هەوڵەكانی وەزارەتی نەوتی كرد بۆ زیادكردنی هەناردەی نەوت و لە وەڵامدا وتی، ئێستا لە هەوڵداین زۆرترین بری نەوت هەناردەبكەین، ئەویش بەرێگەی وشكانی لە سوریا و ئوردن و هەندێك جاریش لەرێی دەریاییەوە.