لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە شەش كاندید دوورخراونەتەوە و گۆڕانكاری راستەقینەش لە ئەنجام و دابەشكردنی كورسییەكان رویداوە.

حەسەن سەلمان راوێژكاری یاسایی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە، تائێستا شەش كاندید دوورخراونەتەوە.

وتیشی، گۆڕانكاری راستەقینە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و ژمارەی كورسییەكان رویداوە، بەجۆرێك چەند لیستێك كورسییان لەدەستداوە بەهۆی دوورخستنەوەی كاندیدە براوەكانیان، لە كورسی كۆتای ژنانیش لە نەینەوا گۆڕانكاری رویداوە و كورسییەكە لە لیستێكەوە چووە بۆ لیستێكی تر و دراوە بە كاندیدێكی پیاو.

ئەو راوێژكارەی كۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیارەكانی دوورخستنەوەی كاندید لەسەر بنەمای تانەدان بووە لە شایستەیی كاندیدەكە و پێویستی بە كردنەوەی وێستگەكانی دەنگدان و ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان نەكردووە.