نەعیم عەبودی، وەزیری خوێندنی باڵای عیراق کۆتایی بە دابڕانێکی سێ دەیەیی هێنا و رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 1991ـەوە دەرگای زانکۆکانی ناوەڕاست و باشور و هەرێمی کوردستان بەرووی خوێندکارانی یەکتردا دەکرێنەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تایبەت بە وەرگرتنی خوێندکاران، وەزیری خوێندنی باڵا ئەم هەنگاوەی بە "وەرچەرخانێکی گەورە لە هاوکاریی ئەکادیمی" وەسفکرد و ئامارەکانی خستەڕوو: "105 خوێندکاری هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی ناوەڕاست و باشور وەرگیراون، لە بەرامبەردا 266 خوێندکاری پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشور لە زانکۆکانی هەرێم وەرگیراون".

ئەوەی لەم رێککەوتنەدا جێگەی سەرنجە، بابەتی زمانە. عەبودی ئاشکرای کرد، وەزارەت جەختی لەسەر لایەنی زمان کردۆتەوە؛ بەشێوەیەک ئەو خوێندکارانەی لە ناوەڕاست و باشورەوە دەچنە هەرێم، وانەکانیان بە زمانی کوردی دەخوێنن، هاوکات خوێندکارانی هەرێمیش لە زانکۆکانی ناوەڕاست و باشور بە زمانی عەرەبی دەخوێنن.

وەزیری خوێندنی باڵا ئامانجی ئەم رێککەوتنەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا بەهێز بکرێتەوە.