محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی کاربەرێکەری عیراق فەرمانیدا بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی بەپەلە و سزادانی ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون لەو هەڵەیەی لە بڕیاری ژمارە (61)ی لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستاندا روویداوە.

سودانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دەقانەی لە ژمارە (4848)ی رۆژنامەی وەقائیعی عیراقیدا لە رێککەوتی 17ی تشرینی دووەمی 2025 بڵاوکراونەتەوە، هەڵوێستێکی "ناراستەقینە"یان نیشانداوە، چونکە رەزامەندیی عیراق لەسەر داواکارییەکی مالیزیا بۆ سڕکردنی پارە، تەنها تایبەت بووە بە زیادکردنی ئەو قەوارە و کەسانەی پەیوەندییان بە هەردوو رێکخراوی تیرۆریستی داعش و قاعیدەوە هەیە (نەک لایەنی تر).

حکومەتی عیراق جەختیکردۆتەوە، هەڵوێستی سیاسی و مرۆییان بەرانبەر ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێتە سەر گەلانی لوبنان و فەلەستین، هەڵوێستێکی نەگۆڕە و سازشی لەسەر ناکرێت، هاوکات رەنگدانەوەی ئیرادەی سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی عیراقە بۆ پشتیوانی لە مافی گەلان لە رزگاری و ژیانی سەربەرزانە لەسەر خاکەکەیان.

سودانی لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا بە توندی وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لەسەر ئەم بابەتە دروستبووە و رایگەیاند: "هیچ کەسێک لە راوچی و مایەپووچەکان ناتوانن موزایەدە بەسەر هەڵوێستەکانی حکومەتی عیراقەوە بکەن"، کە هەمیشە سەلماندویەتی پاڵپشتە بۆ مافە مێژووییەکانی خاوەن خاک و دژی داگیرکاری، کۆمەڵکوژی، کۆچپێکردنی زۆرەملێ و ئەو دەستدرێژییانە وەستاوەتەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێی بێدەنگە.