وەزارەتی دارایی عیراق راپۆرتی نۆ مانگی یەكەمی ئەمساڵی داهات و خەرجییەكان بڵاوكردەوە
هادی
٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
بەپێی راپۆرتێك 90%ی داهاتی عیراق لە نۆ مانگی ئەمساڵدا لەسەر نەوت بووە و زیاتر لە هەشت ترلیۆن دیناریشی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە.
وەزارەتی دارایی عیراق راپۆرتی داهات و خەرجییەكانی بۆ نۆ مانگی یەكەمی ئەمساڵ بڵاوكردەوە، بەپێی راپۆرتەكە، لەو نۆ مانگەدا، 91 ترلیۆن و 847 ملیار دینار داهات هەبووە، 81 ترلیۆن و 748 ملیار دیناری داهاتی نەوت بووە، ئەوەش 90%ی كۆی داهاتی عیراقە، نۆ ترلیۆن و 419 ملیار دیناریش داهاتی نانەوتیی بووە، كە دەكاتە 10%ی كۆی داهاتی عیراق.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، لە ماوەی ئەو نۆ مانگەدا خەرجییەكانی عیراق 99 ترلیۆن و 976 ملیار دینار بووە، بڕی كورتهێنانیش لەو ماوەیەدا هەشت تریلیۆن دینارە.
وەزارەتی دارایی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، لەماوەی ئەو نۆ مانگەدا بەغداد هەشت ترلیۆن و 331 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، لە بەرامبەردا هەرێمی كوردستانیش هەر لەو ماوەیەدا 679 ملیار و 346 ملیۆن دیناری داهاتی نانەوتیی رەوانەی بەغداد كردووە.



