رۆژنامەی زە ناشیۆناڵ: چانسی سودانی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران لاوازە
٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەیەكی ئیماراتی چانسی محەمەد شیاع سودانی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق لاوازە.
رۆژنامەی زە ناشیۆناڵی ئیماراتی لە راپۆرتێكدا باسی لە دانوستانەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان كردووە لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و رایگەیاندووە، هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی سودانی كە 46 كورسی بەدەستهێناوە، پلەی یەكەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا چانسی سودانی بۆ ویلایەتی دووەمی سەرۆك وەزیران لاوازە، چونكە هەم كورسییەكانی كەمە و هەم زۆرە.
بەپێی ئەو راپۆرتە، كورسییەكانی سودانی لەو رووەوە كەمە بۆئەوەی داوای پۆستی سەرۆك وەزیران بكات، چونكە لانیكەم پێویستی بە 60 بۆ 70 كورسی هەیە، بەڵام كورسییەكانی بەراورد بەو حزبە شیعانەی تر زۆرە كە دەیانەوێت كەسی تر بۆ ئەو پۆستە كاندید بكەن، كە هیچ كورسییان نییە یان كورسییەكانیان كەمە و دەتوانێت كۆنترۆڵیان بكات.
زە ناشیۆناڵ ئاشكراشیكردووە، زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی عیراق بە تایبەتیش شیعەكان پێیانوایە، ئەگەر سەرۆك وەزیرانێك زیاتر لە ویلایەتێك بەڕێوەببات، هاوسەنگی سیاسی تێكدەچێت، لە زاری سیاسییەكی شیعەشەوە كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە دەڵێت، سودانی هەمان پشتگیری ساڵی 2022ی لێناكرێت و رێگەی بەردەمی گوڵڕێژ نییە.



