وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکدا بە هەماهەنگی هەواڵگری سوریا لە خاکی سوریا، توانیویانە دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیربکەن بە 57 کیلۆگرام حەشیشەوە، کە ویستویانە بە قاچاخ بیهێننە ناو خاکی عیراقەوە.

وەزارەتی ناوخۆی عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە  و تێیدا هاتووە؛ لە هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربونەوەی مادەهۆشبەرەکان  و رووبەڕووبوونەوەی تۆڕە تاوانکارییەکان کە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەکەنە ئامانج ئۆپراسیۆنێکیان لە خاکی سوریا ئەنجامداوە.

ئاماژەیان بەوشکردوە، ئۆپراسیۆنەکە  لە چوارچێوەی هاوکاری هاوبەشی ئەمنی و هەواڵگریی نێوان کۆماری عیراق و کۆماری عەرەبی سوریادا بووە . 

لە راگەیەندراوەکەدا جەختیانکردوەتەوە لەوەی  ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوویان ئەنجامداوە و توانیویانە دوو کەس دەستگیربکەن، کە بازرگانی نێودەوڵەتیی مادە هۆشبەرەکانن و لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا 57  کیلۆگرام حەشیشیان پێبووە، کە بەنیازبوون بە قاچاخ بیهێننە ناو خاکی عیراقەوە.

وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێنەرایەتی مۆدێلێکی پێشکەوتووی هەماهەنگی ئەمنی ناوچەییە و نیشاندانی روونی متمانەیە لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی هەردوو وڵاتەکەدا و پابەندبوونیان بە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ماددە هۆشبەرەکان کە ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگەکان دەخاتە مەترسییەوە.