ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، ئێران لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانییەوە پێشنیازێکی نوێی پێشکەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە ریککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، پێشنیازە ئێرانییەکە داوا دەکات دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناغێکی دیکە دوابخرێن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئێران سەبارەت بەو سازشانەی کە پەیوەستن بە دۆسیەی ئەتۆمییەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە سەردانەکەیدا بۆ پاکستان تاوتوێی ئەم پێشنیازەی کردووە، کە لە قۆناغی یەکەمدا جەخت لەسەر چارەسەرکردنی تەنگژەی گەرووی هورمز و گەمارۆکانی ئەمریکا دەکاتەوە، دواتر و لە قۆناغەکانی داهاتوودا دەست بە دانوستانە ئەتۆمییەکان بکرێت.
هەروەها پێشنیازەکە درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەیەکی درێژ یان گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەخۆدەگرێت، پێش ئەوەی باس لە هەر رێککەوتنێکی ئەتۆمی بکرێت.
لە بەرانبەردا، وتەبێژێکی کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە ئەم گفتوگۆیانە "هەستیارن" و جەختی کردووەتەوە کە واشنتۆن لە رێگەی میدیاکانەوە دانوستان ناکات، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆناڵد ترەمپ تەنها رێککەوتنێک واژۆ دەکات کە لە بەرژەوەندی گەلی ئەمریکادا بێت و هەرگیز رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
بڕیاریشە ترەمپ ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی بەردەم واشنتۆن و هەنگاوەکانی داهاتوو لە شەڕەکەدا، لە کاتێکدا عراقچی بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە کە کۆدەنگییەکی ناوخۆیی لەناو سەرکردایەتی ئێراندا نییە سەبارەت بە داواکارییەکانی ترەمپ دەربارەی پیتاندنی یۆرانیۆم.